ناوهڕۆك
دەستەواژەی زانستی بەڕێوەبردن
زانستی بەڕێوەبردن بە یەكێك لە لقەكانی زانستی مرۆیی دادەنرێت، كە مانای بەرەوپێشبردنی ژینگەی كاركردن دێت لە كۆمپانیا و ڕێخراوەكاندا، دەتوانین ئەم زانستە بەوە پێناسە بكەین كە بریتییە لە كۆمەڵە یاسا و ڕێسایەكی زانستی كە گرنگی بە بەكارهێنان دەدات، وەك بەكارهێنانی سەرچاوەكانی كۆمپانیاكان بە كەمترین تێچوو و كات و بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام، چەندین كەسی بەناوبانگ هەیە لەم بوارەدا وەك (ئادەم سمیث)، ئادەم بەشێوەیەكی نوێ بیری لە بەرنامە كاڕگێڕییەكان دەكردەوە، ئاماژەی بەوەدەكرد كە یەك قاڵب نین و دەتوانرێت دەستكاری بكرێن.
جیاوازی نێوان بەڕێوبەر و ڕابەر
زۆر كەس جیاوازی نێوان بەڕێوبەر و سەرکردە نازانن و وا دەزانن هەردووكیان یەك شتە، بەڵام لە ڕاستیدا جیاوازی زۆریان هەیە، یەكێك لە جیاوازییەكان بریتییە لەوەی كە بەڕێوبەر هەمیشە بڕیار دەردەكات و تەنها خۆی بڕیاردەدات و گوێ بۆ ڕای هاوپیشەكانی ناگرێت، هەروەها كەس حەز بەكاركردن ناكات لەگەڵی، بەڵام سەرکردە گرنگی دەدات بە ڕای هاوپیشەكانی كارەكانیان پێكەوە ئەنجامدەدەن.
سەرکردە دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ حاڵەتی قورس و لەناكاودا بكات یان حاڵەتە مرۆییەكان، بەڵام بەڕێوبەر دەكرێت دووچاری كێشەیەك ببێتەوە و نەتوانێت چارەسەری بكات، هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەمیشە بەپێی یاسا كاری كردووە و ناتوانێت بەشێوەی جیاواز و نوێ بیربكاتەوە، بەڵام سەرکردە بەپێچەوانەوە هەمیشە بیرۆكەی نوێ و جیاوازی پێیە و دەتوانێت سەركەوتوو بێت، بۆیە دەتوانین بڵێن هەموو سەرکردەیەك بەڕێوبەرێكی باشە بەڵام هەموو بەڕێوبەرێك سەرکردەیەكی باش نییە.
تایبەتمەندییەكانی بەڕێوەبردنی سەركەوتوو
وەك پێشتر باسی جیاوازی نێوان بەڕێوبەر و سەرکردەمان كرد و وتمان كە هەموو سەرکردەیەك بەڕێوبەرێكی سەركەوتووە، بۆیە دەبێت چەند تایبەتمەندییەك هەبێت كە وابكات سەرکردە سەركەوتوو بێت، لێرەدا باسی هەندێكیان دەكەین:
پلاندانان
بۆ ئەوەی نمونەیەكی بەڕێوەبردنی سەركەوتوو هەبێت پێویستە پلان بۆ كارەكانت دابنێیت پێش ئەوەی دەستپێبكەیت.
ڕێكخستن
هەموو كارێك بەپێی ئەو پلانە ناڕوات گەر پێشتر بەجوانی ڕێك نەخرابێت، بۆیە پێویست دەكات شوێنی گونجاو ڕێكبخەیت بۆ ئەنجامدانی كارەكانت هەروەها كاتی دیاریكراویان بۆ دابنێیت.
ئاڕاستەكردن
یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی بەڕێوەبردنی سەركەوتوو بریتییە لە ئاڕاستەكردنی كارمەندەكان و پیشاندانی ئامانجەكانیان بەشێوەیەكی ڕوون و سەركەوتوو، بۆ ئەوی بتوانن بە تەواوی كارەكانیان ئەنجام بدەن.
نەرمونیانی
نەرمونیانی لێرەدا واتا توانینی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو كە دێتە پێش و دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاویان بۆیان.
بەرەوپێشچوون
واتا بەرەوپێشبردنی كاركردن و ئەنجامدانی كارەكان بە شێوەیەكی باشتر و گونجاوتر لە قۆناغەكانی پێش خۆی.
داهێنان
قۆناغی داهێنان لە كۆتاییدا دێت، واتا توانینی گۆڕینی كارێك بۆ قۆناغی بەرزتر و پێشكەوتووتر و نوێتر.